گفتوگۆیەکی درێژ لەگەڵ حەنا میننە: من دەریام!
سازدانی: خەدیجە ئەل کەسیری
وەرگێڕانی: ئەژین باجەڵان
خەدیجە:
گەر ڕۆژێکیان پرسیار لە دەریا کرا، کێ خۆشەویسترین کەسە لە لات، وەڵامیدەدایەوە: حەنا
میننە(١). کاتێکیش پرسیاری هیمنگوایی عەرەبمان کرد لەسەر دەریا،
گوتی: من لە دڵیدا دریاوانم، لە شەپۆلەکانیشی مرۆڤم، پیاوێکیشم کاغەزێکی بە دەستەوەیە
بۆ ئەوەی بنووسێت، دەریا سڕووش و خۆشەویستییە گەورەکەی منە، بۆ ئەو خوڵقێنراوەم
بۆشی دەگەڕێمەوە..
بەم
وشە جوانانە، چاومان بە ڕۆماننووسی سوری حەنا میننە کەوت، کە لە نزیک کەناری دەریای
کۆرنیشی ئەبو زەبی دانیشتبوو، ئەم لێدوانەشمان لەگەڵ کرد:-
پ/ حەنا میننە، یەکەم کەس بوو کە ئەدەبی
دەریایی هێناوە نێو ئەدەبی عەرەبیەوە، لە ڕێگەی هەشت ڕۆمانەوە کە باسیان لە
دەریاوە دەکرد، دەریا لای تۆ چی دەگەیەنێت؟
و/ یەکێکی وەکو من پرسیارێکی وای لێ
دەکرێت! لەکاتێکدا دەریا خۆی بە فراوانی
ئۆقیانۆسەکان وەڵامی دایەوە، من ڕەنگم شین کرد و شینیشم لێ وەرگرت، دەریا بێشکە
و کفنمە، لە دەریا لەدایکبووم هیواخوازم لەوێش بمرم، گەر مردنم لەو ڕەنگە شینە
جوانەی نەبێت، لەو چێژە ناوازەیەیی، تکا دەکەم با دوا لانەم لە نزیکی ئەم
خۆشەویستە بێت، کە خۆشەویستیەکی زۆرم پێ بەخشی، هێشتاش خوێنبەرەکانم دەبڕم و خوێنم
تێکەڵ بە ئاوەکەی دەکەم، سەیرە! بۆچی پرسیاری دەریا لە دەریا دەکەن؟!
پ/ حەنا میننە بە خودی خۆی جیهانێکی
ئەدەبییە، چ لە ئەدەبی سوری یان عەرەبی بە شێوەیەکی گشتی، ڕەخنەگران زۆر باسی لێوە
دەکەن، بەرهەمەکانیشی بۆ چەندین زمان وەرگێڕاوە، چەندین بەرهەمیشی لە سینەما و
تلڤیزیۆن ئیشی لەسەر کراوە، لە ڕێگەی ئەم مێژوو ئەدەبی پڕەیە، چیت بۆ هونەری
ڕۆمانی عەرەبی زیادکرد؟
و/ بەو ڕۆمانانەی تاکو نووسیومن زۆرم بۆ
ڕۆمانی عەرەبی زیادکرد، تاکو ئێستا زیاتر لە سی ڕۆمانم بڵاوبووەتەوە، ئەمە وام لێ
دەکات ببم بە خودی خۆم ببم بە قوتابخانەیەک لە ڕۆمانی عەربیدا، هیچ عاقڵێکیش
قوتابخانەکەم نییە بەڵام هەموویان شێتن، سەرکێشی لە خوێنیاندایە، ئارەزوویان ژیان
کردنە لە کەناری مەترسیدا، نەبوونی ترسیش لە مردن یەکێکە لە تایبەتمەندیەکانیانم
تاکو ئێستا جیهانێکی ڕۆمانیم دروست کردوە، جیاواز لە وشە بەکارهێنانەکانی، چونکە
ئەو بابەتە باوانەم بەجێهێشت کە لە سینەما میسریەکان زۆر باسیان دەکرد، دواتریش
زنجیرە دراماکا لە تلڤیزیۆن درێژەیان پێدا. لەبەرئەوەی وای لێ هات، منیش ڕۆشتم
خۆمم تەرخان کرد بۆ دۆزینەوەی ئەو بابەتە پێشێلکراوانەی ئەدەبی عەرەبی، وەکو دەریا
و دارستان و شاخ و بەفر و کات و مردن، هەموو ئەو بابەتانەی وەرچەرخاندنێکیان دروست
کرد لە بابەتەکانی ڕۆمانی عەرەبی.
پ/ لە هەموو بەرهەمەکانت بە داهێنەرێکی واقعی
پۆلیندەکرێیت، ئایا ئەو بەها مەعرفیانەی چین کە لە واقیعەوە وەدەستتهێنا؟
و/ بەڵێ، لە واقیعەوە دەستم پێ کرد، هەموو
داهێنانێک بە جیاوازی ڕەگەزەکانیشیەوە بە عەرەبی و جیهانیشەوە هەر لە واقیعەوە
سەرهەڵدەدات، بەڵگە نەویستێکی فەلسەفیە لە زووە گریک و یونانیەکان جەختیان لەسەر
کردوەتەوە، کە هیچ شتێک لە هیچەوە دروست نابێت، هەموو ئەو ڕووداوانەش کە کارە
مەزنەکانیان لەسەر بنیات دەنرێت لە واقیعەوە سەرهەڵدەدات، بۆیە لە خۆڕا خۆیانی لێ
دەدزنەوە، وەکو ئەو بزنەی بە شاخەکانی دەیەوێت بەردێکی گەورە وردبکات.
بەڵێ، من واقعیم، هەموو داهێنەرەکانیش لە بنەڕەتدا واقیعین، واقیعیەت
قوتابخانەیەکی داهێنەرە، جێی هەموو قوتابخانەکانی تری تێیدا دەبێتەوە، بۆ نموونە
من ڕۆماننووسێکی ڕۆمانتیکی واقیعیم، هەروەکو چۆن (نەجاح عەتار)ی ڕەخنەگر گوتی،
بەڵگەش لەسەر ئەمە ئەوەیە کە سەرکێشی لە خوێن و بەرهەم و نووسینەکانمدایە،
سەرکێشیش لە بنەماڵەی ڕۆمانتیکیەکانە.
پ/ بەڕای تۆ ڕۆمانی عەرەبی ئێستا لە کوێیە؟
ئایا توانیوێتی باس لە داخی خەڵک بکات یان هێشتا لە خانەکەی خۆی دەرنەچووە؟
و/ ئێستا ڕۆمانی عەرەبی لە شوێنە گونجاوەکەی
خۆیەتی، چونکە لە ژینگەکەی خۆی بەرەو جیهان دەرچوو، ئەو بەربەستەشی بەزاند کە
بەسەریەوە چەسپێنراوبوو، لەبەر تێکۆشانی لە پێناوی گەل و نیشتمانەکەی، بەهۆی ئەم
دوو شتەوە، لە لایەن سهیۆنیەکان ئابڵوقەدانیان خستەسەر، بۆ ئەوەی لە جیهاندا
بڵاونەبنەوە، چونکە تاوان و جینۆسایدەکانی ئیسرائیلی پیشان بە هەموو جیهاندەدا،
کاتێک لە سەردەمی (شاڕۆن) بوو، شارۆنی جەردەی جەنگ، کە ڕۆژ بە ڕۆژ دڕندەتر دەبووە،
زیاتر ستەمی دەکرد، تاوەکو جیهان هەموو هاتە هاوار بۆ ئەوەی بیوەستێنن.
پ/ حەننا میننە بە خۆشەویستی بۆ شارە
جیاوازەکان ناسراوە، پەیوەندیت چییە بە شارەکانەوە؟
و/ شارەکان لای من رێک وەکو ئافرەتانن، پێش
سی ساڵ، هیوام وابوو لە هەموو شارێک ماڵێکم هەبێت، دواتر بە هیواکەم چوومەوە، پێم
بەس بوو لە هەموو شارێک ئافرەتێکم هەبێت.
پ/ باشە ئافرەت چۆن لە ژیانی حەنا میننە وەسف
دەکەیت؟
و/ ئافرەت لە ژیانی من، هەموو ژیانمە. لە
ئافرەتەوە پەنجە و پیتەکانم وەرگرت، بەڵام ئافرەت لەبەر ستەمی پیاو، پەنای بردە
بەر پاراستنی خۆی بە جۆرێک لە فێڵکردن، ئەمە بە تەواوەتی مافی خۆیەتی، بەتایبەتی
لە کۆمەڵگایەکی پیاو سالاری وەکو کۆمەڵگای عەرەبی بەشێوەیەکی گشتی و کۆمەڵگای
شەرقی بەشێوەیەکی تایبەتی.
هەرگیز بیرم لە ئافرەت نەکردوەتەوە بێ ئەوەی بیر لە عەتر بکەمەوە، تاکو
گەیشتم بەو ئاستەی بەو جوانییە نەبێت نەتوانم بیری لێ بکەمەوە، چونکە ئەو جیاوازە
لە مرۆڤە سادەکان، ئەمیش لە ڕۆمانەکانمدا دیارە، بێ ئەوەی هیچ مەبەستێکم بێت،
ستایشیان دەکەم و حەزدەکەم نەرم بم لەگەڵیان، ئافرەت لە ژیانی مندا پێویستی بەوەیە
نەرم بم لەگەڵی، ناتوانم بیر لەم گەردونە بکەمەوە بەبێ ئافرەت.
پ/ بۆچی حەنا میننە گرنگی بە هەژاران دەدات؟
بۆ بەردەوام لەسەر ئەوان و دەردەسەریەکانیان دەنووسێت؟
و/ چونکە ئەوان لە نێوان پێست و گۆشتی منن،
چونکە من لەگەڵ ئەوان گەورەبووم، بەهۆی بەخشندەیی ئەوان وا ماومەتەوە.
پ/ ئایا پێت وایە کە ڕۆمانی عەرەبی
لەدایکبووی سەردەمێکی پیشەسازیکەرە، شیعریش لەدایکبووی سەردەمێکی کشتوکاڵییە، بۆیە
ڕۆمان سەرکەوتووتربوو، لەم سەردەمەش بوو بە دیوانی عەرەب لە دوای ئەوەی کە شیعر
وابوو؟
و/ ڕۆمان بە گوێرەی جۆرج لۆکاتچ(٢)
بە لادانی بەرەو سەردەمی پیشەسازی بوو بە داستانێک برژوازیی، شیعریش مەرج نییە
تۆوی سەردەمێکی کشتوکاڵی بێت، بەرەوپێشچوونی ڕۆمانیش پەیوەندی بە پیشەسازی و
کشتوکاڵی نییە، بەڵکو بە نووسینە لەسەر ژیانێکی تەواو، کە تێیدا خوێنەران خۆیان و
خەم و کێشەکانیان دەبیننەوە. بەڵام دەتوانین بڵێین کە بووە بە دیوانی عەرەب، ئەمیش
ئەوە بوو کە لە ساڵی ١٩٨٢ بە شایەتی ڕەخنەگر (مەحەمەد کروب) پێشبینیم کرد. دواتریش
ئەم وتەیە بڵاوبوویەوە، هەرچەندە هەندێکیانیش ددانیان پێنەدەدا، چونکە ڕۆمان پێش
شیعر و کورتە چیرۆک کەوت بۆ ئەوەی ببێت بە دیوانی عەرەب، نەک لە سەردەی بیست و
یەکیش بەڵکو لە سەدەی بیست.
پ/ ڕۆمانەکانت چانسێکی ئەوتۆیان نەبوو لە
سینەما و تلڤیزیۆندا، هۆکاری ئەمە چییە؟
و/ بڕێکی کەم لە بەرهەمەکانم چانسیان هەبوو
لە سینەما، هەرچەندە بڕێکی زۆر لە ڕۆمانەکانم نەکراون بە فیلم، ئەمیش لەبەرئەوەی
سینەما سوری ئەوەندە باو نییە و بازاڕی نییە، بەڵام لە تلڤیزیۆنە جێگای شانازییە
کە زنجیرە درامای (کۆتایی پیاوێکی بوێر) دەنگێکی زۆری دایەوە، لە زیاتر لە سەد
کەناڵیش پەخشکرا.
پ/ حەنا میننە چۆن لە ڕۆماندا زمانێکی تایبەت
بە خۆی داهێنا؟
و/ ناسراوە کە من لە خێزانێکی زۆر هەژاربووم،
لە قوتابخانە فێر نەبووم، بەڵام بە ئیش و ماندووبوونێکی زۆرەوە تاوانیم ببمە
خاوەنی ئەم زمانە، ئەم زمانە شاعیریانەی لە ڕۆمانەکاندا هەیە، دوای ئەوەی بووم بە
وەستا لە نووسیندا. لێرە پرسیارێک هەیە، هونەرمەند کێیە؟ لە وەڵامدا دەڵێین:
هونەرمەند ئەو کەسەیە کە دەبێت بە وەستا لە ئیشەکەی خۆی ئینجا چ دارتاش بێت یان
خەیات یان ئەدیب.
بوون بە وەستایش سیفەتی هونەرمەند دەدات بە نووسەر، بەبێ ئەم وەستایەتیە
هیچ سەرکەوتنێک نابێت نە بۆ نووسەر یان هەرکەسێکی تر، بۆیە ئامۆژگاری من بۆ
نووسەرە تازەکان ئەوەیە، کە هەوڵبدەن ئەم وەستایەتیە لە نووسین بەدەستبێنن، تەنها
بەم شێوەیە سەرکەوتن بەدەست دەهێنن، منیش متمانەی تەواوم بەم گەنجانەی هەیە، لە
ئێمەی ڕۆماننووس باشتر دەبەخشن، چونکە ئێمە ئەو نەوەین کە هەوڵماندەدا ڕۆمان
بنووسین.
پ/ ڕای تۆ چییە دەربارەی شیعرە پەخشان کە لەم
سەردەمە بووە بە مۆدێل و خێرا بڵاوبوویەوە؟
و/ بەڕاستی لەم ڕۆژانەدا شیعرە پەخشان بووە
بە مۆدێل، بەڵام تەنها بۆ ئەوە باشە فەرێ بدرێتە تۆڕی ئاوەڕۆوە. شیعرە پەخشان زۆر
قورسە لەنێو هەزاران یەکێک سەرکەوتوو دەبێت. تەنها ئەم کارەساتە بیهێنە پێش چاوت
لە ساڵی ٢٠٠١ زیاتر لە چوار هەزار دیوانی شیعرە پەخشان لە سوریا بڵاوبوویەوە، ئەمە
سەیر نییە! ئەمە تەنها حەزی دەرکەوتنە،
بڵاوبوونەوەی شیعرەکانیانیش لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکان، منیش دەڵێم بەسە کەم کوێرانە
شوێن تارمایەک بکەون، کە هیچ لە تارماییە ڕاستەقینەکە ناچێت، واز لە نووسینی شیعرە
پەخشان بێنن بەم شێوە ئێوە و ئێمەش ئارام دەبین.
پ/ بەشێوەیەکی گشتی نووسینی نووسەر و
ئەدیبەکانی خەلیج دەخوێنیتەوە؟
و/ من زوو شتم بیردەچێتەوە، بۆیانیش
دەخوێنمەوە، بەڵام لێم ببوورن ناوەکانم بیرنییە، ئەگەر بتوانم ناوێکیش بڵێم ئەوە
لە نووسینەکانی (لەیلا عوسمان)م خوێندوەتەوە، ئەو خانمەی لە خەلیجەوە هات لە
دەریایەکی شین شینەوە.
پ/ لە سوریایە ڕۆمان چۆن دەبینیت؟
و/ لە سوریا و بەتایبەتی لە دیمەشق، پێش
ماوەیەکی درێژ خانمێک دەرکەوت کە لە ئیمارات دەژیا، یەکەم کتێبیم خوێندەوە بە
ناونیشانی (دایکایەتی و غەریبی)(٣)، ڕای خۆشم لەسەر گوت، ئێستاش ڕۆمانی
دووەمیم لەبەر دەستدایە، پەنجا پەڕەم لێ خوێندوەتەوە، ڕۆمانێكی باش دەبێت، ئەو
ڕۆمانە عەرەبیە دەنوێنێت کە ڕۆژ بە ڕۆژ لە بەرەوپێشچووندایە، ئەم نووسەرە لە
هەورێکی سپی مەلەوانی دەکات، وەکو عەتریش لەگەڵ شەونمی بەیانیمان و ئیواران
دەبارێت.
پ/ لە کۆتاییدا. ئامۆژگاریت چییە بۆ ئەوانەی
دەیانەوێت بنووسن و بێنە نێو دەریایی ئەدەب؟
و/ ئامۆژگاریان دەکەم گرنگی بە زمان بدەن،
زیاتر خۆیان ڕۆشنبیربکەن، با خاوەنی ڕەگەزی ئەدەبی تایبەت بە خۆیان بن و خۆیانی
تیابدۆزنەوە، واتە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ گیرفانیان پڕتر بکەن بە زمان و تاقیکردنەوە و ئازارەکان،
هەروەها دەبێت حەوانەوەی سەر کورسیەکانیان بەجێبهێڵن، سەرکێشی بکەن، هەموو
سەرکێشیەک تەقیکردنەوەیە، لە تەقیکردنەوەش ئازادەکێشن، جگەلەوەش هەرچیەک بێت تەنها
مێشکی خۆی هیلاک دەکات، کە هیچ گرنگیەکی نییە، ڕاستە من دژ بەوە نیم، بەڵام لەگەڵ
ئەوانە نیم کە تەنها پشت بە تێڕامان دەبەستن بۆ نووسین.
..............
١- حەنا میننە، نووسەرێکی سوریە لە دایکبووی
(٩/٣/١٩٢٤) لە لازقیە، یەکێکە لە نووسەرە سوری و عەرەبیە هەر بە ناوبانگەکان،
ڕۆمانەکانیشی بە واقعیەت ناسراوە، کۆچکردوی (٢١/٨/٢٠١٨).
لە بەرهەمەکانی (چرا شینەکان – کۆتایی پیاوێکی
بوێر – چیرۆکی دەریاوانێک – بەهار و پاییز – گورگە ڕەشەکە – بەفر لە پەنجەرەکەوە
دێت – خۆر لە ڕۆژێکی تەماویدا – پاشماوەی وێنەکان – کۆترێکی سپی لەنێو هەورەکان –
دەریا و کەشتی و ئەو – گەڕەکی سواڵکەران... هتد)
٢- جۆرج لۆکاتچ (١٨٨٥ - ١٩٧١)، فەیلەسوف و
نووسەر و ڕەخنەگر و وەزیرێکی هەنگاری مارکسییە.
٣- (دایکایەتی و غەریبی) ڕۆمانی
ڕۆمانووسی سوری (مەریەم محیی دین مەلا)یە.